کامیل جەلال: دەبێت سەرۆکی هەرێم هەوڵبدات بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکوک

بچووکردنەوە گەورەکردن

کارگێڕی دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بە وردی بڕوانێتە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان و جەختیشیکردەوە دەبێت هەوڵی جدی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچانە.

 

کامیل جەلال کارگێڕی دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی ڕاگەیاند “وێڕای پیرۆزبایی و ھیوای سەرکەوتنمان داوا لە سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەووردی بڕوانێتە دۆخی کەرکووک و دووزخورماتوو و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد “دەبێت ھەوڵی جدیی و بەپەلە بدرێت لەگەڵ بەغدا بۆ گێڕانەوەی ئارامیی و سەقامگیری بۆ ئەم ناوچانە بە گەرانەوە بۆ دەستور، تا چیدی خەڵکی ئەم دەڤەرە بەتەواوی پێکھاتەکانیەوە نەبنە قوربانی ململانێیەکانی نێوان ھەولێر و بەغداو بەرژەوەندیە ئیقلیمیەکان”.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەروبەندی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا ناوجە جێناکۆکەکان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن و تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخە لە ئارادا نییە.