پەکەکە: پارتی یارییەکی مەترسیدار دەکات

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەندامێکى کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە هۆشداریی دایە پارتى و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕاستبێت پارتى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە گەریلاکانى پەکەکە ئەنجام بدەن، ئەوا ئەنجامەکەى شەڕ دەبێت.

دوران کاڵکان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانى پەکەکە ئەوەى ئاشکراکرد، پارتى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا لە ڕێککەوتندایە بۆ گرتنى چەند گرد و چیایەک و تا لەو ڕێگەیەوە ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژى پەکەکە ئەنجام بدەن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت چیا بەرزەکان بگرێت، پارتیش دەیەوێت گرد و چیای بەرامبەر ئەوانە لە باشور بگرێت، پارتی دەیەوێت هێڵی گۆشینە، گەوریا بەربزنان، کانی قڕێژ، گردە بڵندەکانی ژوورووی سیدەکان و دەڤەری برادۆست بە پێشمەرگەکانی خۆی بگرێت.”

ڕاشیگەیاندووە، “ئەگەر دۆخەکە وەها بێت، ئاشکرا دەبێت کە بەو شێوەیە پارتی و دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر قسەکان و ئەو شتانەی دەوترێت ڕاست بێت، ئەوە یارییەکی مەترسیدارە و پارتی دەکەوێتە ناو پیلانێک وەکو ئەوەی ساڵی ١٩٩٧.

ئەو بەرپرسەى پەکەکە هۆشداریی ئەوەشى دایە پارتى، “ئەگەر هەوڵبدات ئەو شوێنانەی کە ناویان هات بیگرێت بە ئامانجی ئەوەی بەرخۆدانی گەریلا و گەل لە بەرامبەر داگیرکاریی تورک لە باشور سنووردار بکات، ئەوە بە واتای ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو شەڕ، ئەنجامی ئەم هەوڵدانە شەڕ دەبێت، با هەموو کەسێک بزانێت.”دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی میدیا هەبەر رایگەیاندوە “فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردوە و لە میدیاکانی باشور و تورکیاش باسی ئەوە کراوە، بەڵامن دەپرسم ئەوە چۆن رویداوە؟، بەدڵنیاییەوە دیارە ڕێگەیان پێیدراوە، ئەگەر (پارتی و دەوڵەتی عێراق) ڕێگەیان نەدابا، دەوڵەتی تورکیا نەیدەتوانی یەک جاریش هێرش بکات، ساڵی ڕابردوو داوای کردبوو کە لە بەرزاییەکان بکەونە ناو باشوری کوردستان، بەڵام خەڵک لە هەندێک دەڤەر ڕێگەیان نەدا، نەیانتوانی بێن، لە هێرشەکانی ئەمجارەش هەروەها دەبێت، پێویستە ئەوە ببینرێت و رێگریان لێبکرێت.

دوران کاڵکان ئەوەشی وت “وەرن با پێکەوە لەدژی داگیرکاریی شەر بکەین، ئێمە گوندەکان دەپارێزین، با گوندییەکان برادۆست لەسەرخاکی خۆیان بە ئازادیی بژین، بە سەربەستی کشتوکاڵی خۆیان بکەن، دەیانوت پەکەکە گوندییەکان لە گوندەکان دەردەکات، ئەمە ڕاست نییە، بە پێچەوانە دەیانپارێزین، گەریلا هێزێکی پاراستنە بۆ گوندییەکان، ئەگەر ببنە هاوبەشی دەوڵەتی تورک لە سووتاندنی و شێواندنی گوندەکان، دەبنە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، پێویستە وەها نەبێت، بە ئاشکرا هۆشداریی دەدەینە پارتی، و بە ڕوونی دەڵێین کە نامانەوەێت وەها بێت، ئێمە بۆ تێکۆشانی هاوبەش ئامادەین، ئێمە بێگومان دژی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی براکوژین، بەڵام ئەگەر وەکو جاشەکانی باکوری کوردستان بکەونە پێش دەوڵەتی فاشیست و کۆمەڵکوژکەری تورک کە شارەکانی باکوری سووتاند و وێرانی کردن، عەفرینی وێران کرد، ئێستا دەیەوێت سیدەکان بسووتێنێت و وێرانی بکات، ئەو کاتە با ئەو هێزە بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێت کەوتوەتە چ حاڵێک، لەبەرامبەر هێزێکی وەها هەر شەڕ دەبێت، دۆخێکی وەها شەڕ لەگەڵ خۆی دێنێت، با کەس نەکەوێتە دۆخێکی وەها، با ئاگادار و هۆشیار بن، بانگەوازیی ئێمە لە بەرامبەر داگیرکاری بەرخۆدانی هاوبەشە”.