ئومێد جاف: دەبێت لەماوەی ١٤ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنرێت

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی ڕایگەیاند کە بەپێی یاسا دەبوو کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستنیشانبکرایە، نەک بخرایەتە دەنگدانەوە، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت لەماوەی ١٤ ڕۆژی داهاتوودا حکومەت پێکبهێنرێت دەنا بۆشایی یاسایی دروستدەبێت.

 

ئومێد جاف ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی و شارەزا لە یاسا، بە دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانیی راگەیاند “بەگوێرەی یاسا دەبێت پەرلەمانی کوردستان کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن دەستنیشان بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت لەماوەی مانگێکدا و پێویست ناکات بخرێتە دەنگدانەوە وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان روویدا”.

 

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە “دەبێت لەماوەی ١٤ ڕۆژی داهاتوودا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت چونکە سەرۆکی کابینەی هەشتەم بووە بە سەرۆکی هەرێم و ئێستا جێگرەکەی کارەکانی ڕادەپەڕینێت و ئەوەش تەنها بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ  ڕیگەپێدراوە و ڕۆژێکی تێپەڕێوە و تەنها ١٤ ڕۆژی ماوە”.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و ئەمڕۆش پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی راسپارد بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت.