عوسمان گوڵپی: ئەرکی لەپێشینەی کابینەی نوێ یەکخستنی هێزە چەکدارەکانە

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی ڕایگەیاند دەبێت هەموو هێزە سەربازیی و چەکدارەکانی هەرێم یەکبخرێن و بکرێنە هێزی نیشتمانیی و جەختیشیکردەوە دەبێت کۆتایی بەوە بهێنرێت کەسایەتی و بەرپرسەکان هێزی چەکداری تایبەتیان هەبێت.

 

عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێندا ئەوەی خستەڕوو “هەر تاوانێک بێت و ببێتە هۆی کوشتنی هەر مرۆڤێک بێزراوە و لای ئێمە ناپەسەندە، جا ئەگەر بێت و ڕوداوەکە باگراوەندێکی سیاسی هەبێت ئەوا دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد “ئێستا کە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتین دەبینین قۆناغەکە سەختە و هاوڵاتیان بەتەواوەتی ماندوون و بە چەندین شێوە لایەنە سیاسیەکان هێرش دەکەنە سەر یەکدی، هاوڵاتیان لەمە بێزاربوون و دەبێت لە چوار ساڵی داهاتوودا کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و دۆخی ژیانی هاوڵاتیان لەبەرچاوبگیرێت”.

 

ڕوونیشیکردەوە کە “دەبوو زۆر زووتر کوردستان ببوایەتە خاوەنی هێزی سەربازی نیشتمانیی خۆی و ئەمنیەت و ئاسایشیی هەموو هاولاتیان بپارێزرێت، بەڵام دەبینی  بێسەروبەرەیی لە هێزەکاندا هەیە و هەموو کات ئەگەری ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوە لەئارادایە”.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی وتیشی “ئەرکی لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کورردستان ئەوەیە کە هێزە سەربازیەکان یەکبخات و کۆتای بەم دۆخە بهێنێت، دەبێت یەک هێزی نیشتمانی هەبێت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا کاربکەن”.

 

عوسمان گوڵپی جەختیکردەوە “دەبێت ئەو هێزانە نەمێنن کە لەلایەن کەسایەتی و ەرپرسەکانەوە ئاراستە دەکرێن و ئاسایشی هاوڵاتیان بدرێتە دەست هێزێکی نیشتمانیی، چوونکە وەک چۆن مردنی هاوڵاتیەک و بەرپرسێک جیاوازی نییە ئاواش دەبێت ژیان و ئاسایش و پاراستنی هاوڵاتیان و بەرپرسان وەکو یەک گرنگ بێط لای هێزە ئەمنیەکان”.