وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئابڵوقەی بەسەر کۆمپانیایەکی عێراقیدا سەپاند

بچووکردنەوە گەورەکردن

بە تۆمەتی هاوکاری و بەقاچاخبردنی چەک بۆ هێزی قودسی سەربە سوپاسی پاسدارانی ئێران، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئابڵوقەی بەسەر دوو کەسایەتی و کۆمپانیایەکی عێراقیدا سەپاند.

 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، “کۆمپانیای سەرچاوەکانی سامانی باشور” کە بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدادە و دوو کەسایەتی عێراقیی خستووەتە لیستی ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوکاریی دارایی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن.

وەک لە وێبسایتی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە، هەریەک لە مەککی کازم عەبدولحەمید ئەل ئەسەدی و محەمەد حسێن ساڵح ئەل حەسەنی و کۆمپانیای سەرچاوەکانی سامانی باشور تۆمەتبارن بە هاوکاریکردن و بەقاچاخبردنی چەک بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ هێزی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و  قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووە بواری جێبەجێکەدنەوە  کە ھەریەکە لە سێکتەرەکانی وزە، دارایی و گواستنەوەی دەریایی لەخۆدەگرێت کە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە ھەڵگیرابوون.