واشنتۆن دەستیکرد بە سزادانی دۆستەکانی تاران لە عێراق

بچووکردنەوە گەورەکردن
حکومەتی ئەمریکا دوو کەسایەتی دیاری عێراقی  و کۆمپانیایەک دەخاتە لیستی ڕەشەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە  بۆ ئەوەی کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ تاران هەبووە.
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە کە حکومەتی ئەمریکا دوو کەسایەتی  دیاری عێراقی دەخاتە لیستی ڕەشەوە.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکان ئەو دوو کەسایەتییە عێراقییە پەیوەندی بازرگیانییان هەبووە لەگەڵ حکومەتی ئێران.
ئە ودوو کەسایەتییە عێراقییەی کە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە بە ناوەکانی “مکی کازم عبدالحمید ئەلئەسەد و محمد ساڵح ئەلحسینی”ین.
میدیاکان ئاشکرایان کردووە کە هەردوو ناوبراو بڕێکی زۆر دراوی دۆلاریان گواستووەتەوە بۆ تاران و ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی ئێرانە و دژی سزاکانی ئەمریکایە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
هاوکات ئەمریکا بڕیاریداوە کۆمپانیایەکی عێراقیش بخاتە لیستەکەوە بەناوی کۆمپانیای ” منابع الثورة الجنوب ” بەهۆی ئەوەی  کارە بازرگانییەکانی بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسداران لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بە شێوەی قاچاخ.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران دوای ئەوەی ترەمپ سزاکانی سەر ئێرانی  قورسترکرد.
پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو ئێران دەستی هەبووە لە هێرشەکانی سەر کەشتییەکانی دەریای عۆمان.
سوپای  ئەمریکاش جەختیکردەوە ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.