ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە عێراق سێ مانگی دیکە وزە لە ئێران بکڕێت

بچووکردنەوە گەورەکردن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتی 90 رۆژی دیکەی بە عێراق دا بۆ کڕینی وزە لە ئێران.

 

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان کە بۆ فرانس پرێس قسەی کردووە، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە دوای “دانوستاندنی دوورودرێژ” بووە لەگەڵ واشنتن، دوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە لە مانگی دیسەمبەری رابردوو.

 

درێژکردنەوەی مۆڵەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بۆ کڕینی وزە لەکاتێکدایە؛ ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەردوو گەورە هاوپەیمانی عێراق لە لووتکەدان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرزەنشتی تاران دەکات و تۆمەتباری دەکات بە هێرشکردنە سەر دوو کەشتی لە کەنداوی عومان.

 

ئەو وزەیەی عێراق لە ئێران دەیکڕێت، پێویستییەکی سەرەکیی عێراقە بەپێی ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەرمترین وڵاتانی جیهان و بەردەوام کێشەی کارەبای هەیە و خەڵکەکەی پێوستییان بە وزەی زیاترە بۆ فێنککردنەوە لە وەرزی گەرما. وەرزی گەرمای ئەمساڵ لە عێراق دەستیپێکردووە و ترسی ئەوە هەیە هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق خۆپیشاندان لەدژی کەمی یان نەبوونی کارەبا دەستپێبکاتەوە.

 

عێراق رۆژانە 28 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنێت، جگە لەوەی هەزار و 300 مێگاوات کارەباش راستەوخۆ لە ئێران دەکڕێت. ئەمریکا بەو پشتبەستنەی عێراق بە ئێران دڵخۆش نییە، بەوپێیەی تاران وەکو گەورەترین دژبەری خۆی لە ناوچەکە سەیردەکات.

 

لە مانگی نۆڤەمبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنە ئابڵۆقەی خستەوە سەر کەرتی وزە و ئابووریی ئێران، ئەمەش دوای بڕیاری کشانەوە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015ـی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.

 

لە مانگی دیسەمبەری رابردوودا ئەمریکا ماوەی 45 رۆژی بە عێراق دابوو بۆ کڕینی کارەبا و گازی سرووشتی لە تاران و لە مانگی دیسەمبەریشدا 90 رۆژی دیکەی پێدابوو.