ئارام قادر و مەسعود بارزانی تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە پیرمام سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە دیدارێکدا چەند تەوەرێک باسکران.

لە سەردانەکەدا کە هەریەک لە ئاڤێستا کەمال یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانی و ئاشتی ستار و جەلال ئەحمەد ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیی هاورێیەتی سەرۆکی هاوپەیمانیان کرد و لەلایەن ڕیزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و عەلی حسین بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتییەوە پێشوازیان لیکرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی هاوپەیمانی بە گرنگیەوە باسی لە پێگەو ڕۆڵی بارزانی کرد لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم بەرقەرار کردنی ئاشتی و کارکردن بە ئاراستەی باشکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان لەڕێی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار.

دواتر بەرێزیان باسیان لە بنەماکانی  مرۆڤ سەنتەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی هاوڵاتی بوون دوور لە جیاکاری ئاینی و نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئایدۆلۆژی و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان و دژایەتی کردنی بیری توندڕەوەی بەهەموو جۆرەکانیەوە.

لای خۆیەوە بارزانی دەستخۆشی و پشتگیری خۆی بۆ ئەوبنەمایانە دەربڕی کە هاوپەیمانی لەسەر بنیادنراوە و جەختیان کردەوە لەسەرئەوەی ئەوان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری سیاسی و پەلە کردن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.