هاوپەیمانی
24, حوزه‌یران 2019

هاوپه‌یمانی،له‌ قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه‌وه‌ بۆ زه‌روره‌تێكی نیشتمانی

هاوپەیمانی نیشتمانی وەک پارتێکی سیاسی کاردەکات بۆ پاراستن و رێزگرتن له‌ مافی هاوڵاتیبوون، کە هاوکارو هەماهەنگە

لە گه‌ڵ پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵگا.

 

لەدایک بوون و بریاری مانەوەو بەردەوامی هاوپەیمانی، به‌واتای نەبوون یان کەمی پارتی سیاسی تر نەبوو لەعێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵكو ستایلی شكستخواردووی  کاری حزبی رابردوو هەرەسی هێنا، ئەوەی بینرا جگە لەماڵوێرانی، هەڵوەشاندنەوەی به‌ها کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامدانی شەڕی ناوخۆ و دزینی سەروەت‌و سامان‌و بە هەدەردانی داهاتی میللەت و دابەشکاری و لاخستنی سوپای نیشتمانی و برەودان بە هێزی خێڵ و کەسایەتی، شکاندنی شکۆی تاک و هه‌تكکردنی دیموکراسی و دەست تێوەردان لە سەربەخۆیی دادگاکان، کە رۆژ لە دوای رۆژ نەهامەتیەکان لەزیادبوون و هەڵکشاندایەو بەها جوانەکانی ژیانی هاوڵاتیبوون له‌ناوده‌بات ودەیانسڕێتەوە هیچی تر نەبوو.

 

بەتێروانین لەهۆکارەکانی شکستی کاری حزبی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین بەشێکی گرنگی پەیوەستە بەلایەنی جێبەجێکاری بۆ هەردوو یاسای {(٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥) و (١٧ ی ساڵی ١٩٩٣)} له‌ عێراق  و هەرێمی کوردستان، كه‌ نەیانتوانی بە ئەرکی خۆیان هەستن لە‌ لەکاری چاودێریکردنی ئەو حزبانەی کە موڵەتیان پێداون و سیفەتی کەسایەتی واتایی (معنوی) وەرگرتووە و پەیوەندی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵیاندا. کە پێویستە لە هەرگۆرانکاریەک حزب ئەنجامی دەدات لە پەیرەو پرۆگرامەکەی یان لادان و دانانی دەستەی هەڵبژێردراو خاوەن بریار، دەبێت ئاگاداری پێش وەختی لایەنی جێبەجێکاری بکرێت و نوێنەریان ئامادەبێت بەمەبەستی دروستی چەسپاندنی رێکارەیاساییەکان.

 

پاشان پێویستە حزب پابەندی هەبێ لەئەنجامدانی ئەرکەکانی ئەستۆی بە رەدکردنەوەی تیرۆر بەهەموو شێوەکانیەوە، رێزلە یاساکان و پاراستنی سەبەخۆی داوەری، رێزگرتن لەسیستمی گستی و داب و نەریتی گشتی، هەروەها بەدووربن لە دام‌و دەزگای سەبازی و هیزی سەبازیان نەبێت و چالاکیەک  ئەنجام نەدەن پێچەوانە بێت لەگەڵ ئەو بەرنامەی راگەیاندوەو پێشکەشی بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان یان لە فەرمانگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادن کردوە. پێویستە حزب کاربکات بۆ چەسپاندنی بنەمای یەکسانی‌و هاوتایی فرسەتەکان (مبدا المساواة وتکافٶ الفرص) کە هاوڵاتیان بەگشتی بەشدار و بەرپرسیاربن. لەبەرامبەردا لایەنی جێبەجێکار وەک مافێک دەستگیرۆی دارایی پێشەکش بەحزبەکان دەکات لە بوودجەی گشتی، بەشداریان پێدەکات لەپرۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموکراسیەکان، لەکاتێکدا لەناو خودی زۆرێک لە حزبەکان بڕوایان بەپرۆسەی دیموکراس نیە. واتە لایەنی جێبەجێکار وەک پێویست نەیتوانی بەئەرکی سەرپرشتیاری چاودێری خۆی هەستێت، لەبەرامبەردا بەشێک لەحزبەکان جۆرێک لەتاک ڕەوی بەسەریدا زاڵبووە و پابەندیان نیە بۆ پەیڕه‌و و پرۆگرامە پەسەندکراوەکانیان.

 

هاوپەیمانیی وەک هێزێکی نوێ لەسەربنەمای دیدگای نیشتمانی ئامانجەکانی داڕشتووە، حزبی کردووە بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی گەل، کە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکانە، لەپێناو دەستەبەركردنی ئارامی ژینگەی کۆمەڵایەتی و شکاندنی بەربەستەکان، دوورکەوتنەوە لە بەحزبی کردنی کۆمەڵگا و دەمارگیری ئاینی و نەتەوەیی بە بنیاتنانی کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی کەتێیدا مرۆڤەکان بە ئازادی بیربکەنەوە،  بە بیرو تێروانینی جیاواز لە رووی سیاسی و ئاینی و کلتوری و ئابوری …هتد

 

ئێستا هاوپەیمانی لە موڵکی نوخبەی دامەزرێنەرانەوە کراوە بە‌ موڵکی گشتی، بۆیه‌ پاراستن و بەردەوامی  و چه‌سپاندنی دیدگاو ئامانجەکانی،ئه‌ركێكی  له‌ پێشینه‌ی  هاودیدان و دڵسۆزانیه‌تی و پێویستە هه‌مووان به‌وپه‌ڕی لێبڕان و له‌خۆبورده‌ییه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدابن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان و هێنانه‌دی خه‌ونی له‌مێژینه‌ی هاوڵاتییان له‌  ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كان و پاراستنی شكۆی تاك و ئاشتی و ئارامی كۆمه‌ڵگه‌ و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری  حوكمی ڕه‌شید.