لە ململانێکانەوە بەرەو دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ

بچووکردنەوە گەورەکردن
دوای ئەو شکستەی ئاکەپە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵدا بەسەریدا هات، ئاڵۆزیی ناوخۆیی ڕووی لە پارتی دەسەڵاتداری تورکیا کردووە و ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ لەئارادایە.
چەند میدیایەکی تورکیا زانیاریی نوێیان خستوەتەڕوو سەبارەت بە بوونی هەوڵێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ لە ناو ڕیزەکانی ئاکپارتیدا کە ئەردۆغانی سەرۆکی کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات.
میدیاکان باسیان لەوەکردووە لە حزبەکەی ئەردۆغان لە ناوخۆدا دووچاری ناکۆکییەکی ئاڵۆز بووەتەوە و ئەگەری هەیە لە نزیکترین کاتدا ململانێکان بگەنە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ.
ڕۆژنامەی یەنی چاغی تورکی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە کە زیاتر لە ٨٠ ئەندامی فراکسیۆنەکەی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا بەنیازی جیابوونەوەن و لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی فراکسیۆنێکی نوێ.
ڕۆژنامەکە لە زاری ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆک کۆماری تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە کە لەم سەروبەندەدا دوو حزبی نوێ دروستدەبن و بەشێکیش لە سەرکردەکانی ئەو حزبە نوێیانە لە هەناوی ئاکەپەوە دەچنە دەرەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ‌هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵدا ئاکەپە شکستێکی گەورەی بەرکەوت و گەورەترین شارەوانی تورکیای بە جەهەپە دۆڕاند.