گونجاوترین خواردنەکان بەپێی تەمەنی منداڵ

جۆری خۆراک بۆ منداڵ لە ماوەی (۳)مانگی یەکەمی تەمەنی زۆر گرنگە٫ بەڵام بەشێکی زۆر لە دایکان لە منداڵی یەکەمیان نازانن چی بدەن بە منداڵەکانیان خۆراکی دروست گرنگی زۆری بۆ تەندروستی و گەشەی منداڵ هەیە.

 

لەهەمان کاتدا خۆراکی ناتەندروست هۆکارە بۆ گرفت لە گەشەی دروست و زیادبوونی کێش و کزبوونی بەرگری لەش و ئەگەری زیاتری تووشبوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر پێویستە دایکان هۆشیار بن لە بەکارهێنانی هەندێ جۆری خۆراک کە تایبەتە بە منداڵ و خراونەتە بازاڕەوە بەهای خۆراکی نزمیان هەیە چونکە ئەو جۆرە خۆراکە ئامادەکراوانە رێژەیەکی زۆر لە شەکر و چەوری خراپ لە خۆ دەگرن ئەمەش چەند جۆری خۆراکی باشە کە پزیشکانی تایبەت بە خۆراک ئامادەیان کردووە بە گوێرەی تەمەنی منداڵ.

 

۱-منداڵانی تەمەن (٤) مانگ تا (٦)مانگ:- لەم تەمەنەدا شیری دایک یان شیری قتوو و سریلاکی تایبەت بەو تەمەنە بدرێت بە منداڵ.

 

۲-منداڵانی تەمەن (٦)مانگ بۆ (۸) مانگ:- لەم تەمەنەدا پێویستە شیری دایک یان قتوو زیاد لە جاران بدرێت بە منداڵ وە هەروەها میوەکانی وەکو(مۆزو هەرمێ و خۆخ و ئەڤۆگادۆ و سێو )بە شێوەی شەربەت وە هەروەها سریلاکی شۆفان و جۆ و سەوزەکانی وەکو گێزەرو کولەکەو پەتاتەی باش کوڵا بە شێوەی شۆربا بدرێت بە منداڵ.

 

۳-خۆراکی منداڵی تەمەن (۸)مانگ تا (۱۰) مانگ:- لەم تەمەنەدا هەروەها بەردەوام دەبی لە پێدانی شیری دایک و یان شیری قتوو وە چەند بەشێکی بچوک لە پەنیر وە سەوزە و میوەکانی وەک (مۆزو سێو و ئاڤۆگادۆ گێزەرو کولەکەو پەتاتەی کوڵاو )وە لەم تەمەنەدا گۆشتی سورو مریشک و ماسی بێ ئێسک و هێلکەی کوڵاو زیاددەکەیت بۆ خواردنی منداڵەکەت.

 

٤- خۆراکی منداڵی تەمەن(۱۰ )مانگ تا( ۱۲ )مانگ:- منداڵ لەم تەمەنەدا بە ئاسانتر خۆراک قووت دەدات ددانی زیاتر دەرهاتووەو خۆراک کەمتر لە دەمی فرێدەدات هەوڵ دەدات کەوچک بگرێت و وە بەکاری بهێنێت پێویستە لەم تەمەنەدا هەموو ئەو جۆری خواردنانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا بە ڕێژەیەکی زیاتر و بە شێوەی شۆربا یان پارچەی بچوک پێی بدرێت وە بەردەوام بوون لە پێدانی شیر ی دایک و شیری قتوو وە بە زیاد کرنی نان و بسکیت لەم تەمەنەدا پزیشکان چەند ئامۆژگاریەکی گرنگی دایکان دەکەن لە کاتی پێدانی خواردن بە منداڵ.

 

  • پێویستە خۆراکی منداڵ (خوێ)ی تیادا نەبێت.
  • هەر جارێک یەک جۆری خواردن بدە بە منداڵەکەت وا باشترە ماوەی (۳)ڕۆژ چاوەرێ بکەیت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵەکەت هەستیاری بە هیچ لەو جۆرە خواردنانە نیە کە دەیخوات.
  • حاڵەتی قەبزی لە منداڵدا حاڵەتێکی بڵاوە لە دوای دەست پێ کردنی خۆراک میوەی (خۆخ) بۆ چارەسەری حاڵەتی قەبزی منداڵان گونجاوە.
  • ئاستی( ئاسن)ی سروشتی لەجەستەی منداڵ لە تەمەنی (٦) مانگیەوە کەم دەکات خواردنی گۆشتی مریشک باشترین سەرچاوەیە بۆ دابینکرنی ئەو کانزایە بۆ جەستەی منداڵ.