کەمپینێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری ڕاگەیەندرا

بچووکردنەوە گەورەکردن
کەمپەینی دەرفەت ڕاگەیەنرا کە داوا دەکات لە ماوەی شەش مانگدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری بۆ نیو هێندەی ئێستا کەم بکاتەوە. 
بەڵێن عزەت میکە وتەبێژی کەمپەینی دەرفەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی کەمپەینەکەی راگەیاند و پەیامی کەمپەینەکەی خوێندەوە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەی خستەڕوو “ئەم پەیامە ئاراستەی هەریەک لە بەڕێزان مەسرور بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ و عومەری سەید عەلی و سەرجەم ئەو حزبانە دەکەین کە بەشدارن لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد “پێیان دەڵێین دەبێت پرۆژەتان ھەبێ بۆ رەخساندنی ھەلی کار لە کەرتی گشتی و تایبەت, وە دەبێت بەشێوەیەکی مەعقول و سەردەمیانە کار کردن لە کەرتی تایبەت ڕێکبخرێ و بەیاسا ماف و کەمترین موچەیان لە کەرتی تایبەت دیاری بکرێ”.
وتەبێژی کەمپەینی دەرفەت باسی لەوەکرد “ئەم ئاگاداریە پێش وەختە لە پێناو ئەوەدایە پێتان بڵێین پەیامی ئيمە پەیامی دەيان هەزار گەنجى خاوەن بروانامە و خوێندكار و دابڕاو لە خوێندن شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستانە”.
وتیشی “چیتر قبوڵکردنی ئەم دۆخە و ئەم ستەمکردە ئەستەمە و ئێمە هەڵویستی توندمان دەبێت و ڕێگەی نوێ دەگرینەبەر”.
باسی لەوەشکرد “ئێمە و هەموو ئەو گەنجانەی کە لەبەر سەدان هۆکار وڵاتیان جێهێشتووە بە یەک دەست و یەک مەبەست جوڵە دەکەین و دۆخەکە رەتدەکەینەوە”.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا بەپێویست زانرا ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبکرێن:
یەکەم/ دەبێت حکومەتی هەرێم بەپێی پێویستیی، دەست بە دامەزراندنی بکاتەوە لە کەرتی گشتیدا.
دووەم/ دەبێت حکومەتی هەرێم چاکسازی جدی لە کەرتی تایبەتدا ئەنجامبدات و ئەو کەرتە گرنگە ڕێکبخاتەوە.
سێیەم/ ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لەماوەی شەش مانگدا بۆ نیو هێندەی ئێستا کەم بکاتەوە.