ئێران بە بەهای دوو ملیار و نیو دۆلار شتومەكی رەوانەی عێراق كردووە

بچووکردنەوە گەورەکردن

بەرێوەبەری ژورە بازرگانییەكانی ئێران رایگەیاند، لەماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوو تاران بەبەهای ٢.٥ ملیار دۆلار شتومەكی رەوانەی عێراق كردووە.

 

حەمید حوسێنی، بەڕێوەبەری ژوری بازرگانی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاڵوگۆری بازرگانی وڵاتەكەی بۆ عێراق رۆژانە بەبڕی ٢.٥ ملیار دۆلارە لەبوارەكانی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەكانی دیكە.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق تا كۆتایی ساڵ دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار.

 

حسێنی باسی لەوەشكردوە، لەئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكانی عێراق كە بانكی مەركەزی عێراق بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیا ئێرانییەكان تەرخانكردووە و رۆڵی بەرچاویان دەبێت لەئاوەدانكردنەوەی عێراقدا.

 

بەرێوەبەری ژورە بازرگانییەكانی ئێران جەختی لەوەشكردووەتەوە، كەوڵاتەكەی لە خاڵە گومركییەكانی بەغدا و بەسرە و هەرێمی كوردستان كار لەسەر بەرەوپێشبردنی كارە بازرگانییەكان و زیادكردنی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لەوێ كاردەكەن.

قسەكانی حەمید حوسێنی لەكاتێكدایە، ئێران رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەدابینكردنی شتومەك و دابینكردنی كارەبا و پیشەسازی عێراق و لەگەڵ توركیا لەكێبڕكێدان تا زۆرترین شتومەك ساخ بكەنەوە لەعێراقدا.