هاوپەیمانی بۆ کابینەی نوێ:چاوەڕوانی ئەوەدەکەین کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان

بچووکردنەوە گەورەکردن

هاوپەیمانی نیشتمانی نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و جیگر و ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەکات و تیایدا داوادەکات کە حکومەتی نوێ کار بکات بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی قەیران و گرفتەکانی ساڵانی ڕابردوو.

 

لە نامەی پیرۆزباییەکەدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن هاتوە ” بونی فرەیی سیاسیی و کارکردنی هێزەسیاسیەکان بە شێوەیەکی ئازاد و بێسانسۆر دەبێتە مایەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو کە سەرجەم هێزەکان لە ناوەوە دەرەوەی حکومەت دەبنە بەشێک لە پرۆسەی حوکمرانی و بەرەو پیشبردنی وڵات و زیادکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە کار بکەن لەسەر ئەو چەمکانە”

 

دەقی نامەی پیرۆزباییەکە بخوێنەرەوە :

 

بەڕێز : سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
بەرێز : جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
بەڕێزان : وەزیرەکان و ستافی ئەنجومەنی وەزیران

 

بەبۆنەی متمانە بەدەست ھێنانتان بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی سەرجەم هاودیدانەوە لە هاوپەیمانی نیشتمانی پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لەو ئەرکە گەورەیەی کە پەرلەمانی کوردستان بە ئێوەی بەخشیوە کە بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو.

 

بەڕێزان لە ماوەی سالانی ڕابردودا بە هۆی ئەو قەیران و کێشانەی کە هاتنە ئاراوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی سەختیی و ماندوبوون و ناڕەحەتیەکی زۆر بونەوەو ژیان و خزمەتگوزایە سەرەتاییەکان زۆر ئەستەم بوون پێویستە کابینەی نوێ کاری جددی بکات بۆ سڕینەوەی ئەو نەهامەتیانە لە هزری تاکەکانی کۆمەڵگەدا کە ئەوەش تەنها بە خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی پرۆژەی نوێ دەکرێت.

 

سەروەری یاساو ئازادی تاک و یەکسانی هاوڵاتیان بەرامبەر هەر ئەرک و مافێک بەبێ جیاوازی ڕەگەزی و ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی دەبێتە مایەی ئارامی ولات وادەکات سەرجەم هاولاتیان ببنە بەشێک لە پرۆسەی بنیادنانی وڵاتێکی ئاوەدان و کۆمەلگەیەکی پێشکەوتوو.

 

بونی فرەیی سیاسیی و کارکردنی هێزەسیاسیەکان بە شێوەیەکی ئازاد و بێسانسۆر دەبێتە مایەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو کە سەرجەم هێزەکان لە ناوەوە دەرەوەی حکومەت دەبنە بەشێک لە پرۆسەی حوکمرانی و بەرەو پیشبردنی وڵات و زیادکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە کار بکەن لەسەر ئەو چەمکانە بۆ دروستکرنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ هێزە سیاسییەکان تا بتوانن پێکەوە پرۆسەی سیاسیی بەرەو پێشەوەبەرن لە هەرێمدا.

 

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و چاوەڕێی ئایندەیەکی پڕ لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی دەکەین.

ئەنجومەنی سیاسی
هاوپەیمانیی نیشتمانی
١٠/٧/٢٠١٩