سەرۆکی نوێی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت

بچووکردنەوە گەورەکردن

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە و بەپێی بەرنامەی كار ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەکرێت و چەند پەرلەمانتارێكیش لە جێگەی چەند پەرلەمانتارێکی دیکە دەست بەکاردەبن.

 

 

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، ئەمڕۆ‌ پێنجشەممە 2019/7/11 كۆدەبێتەوە و به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (14)ی ئاساییی راگەیاندووە، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراو‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، كارنامه‌ی دانیشتنی ئەمڕۆ كه‌ بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌ بچێت، له‌ 3 بڕگه‌ پێكهاتووه‌، یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ سوێندخواردنی یاسایی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نوێیانه‌ی، كه‌ شوێنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌گرنه‌وه‌، كه‌ پۆستی حكومییان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌رگرتوه‌، ئه‌وانیش چوار په‌رله‌مانتارن و له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتون:

 

 

1- له‌نجه‌ ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان له‌ شوێنی ڤاڵا فه‌رید ئیبراهیم.

 

 

2- شیرین یونس عه‌بدوڵڵا عه‌زیز له‌ شوێنی بێگه‌رد تاڵه‌بانی.

 

 

3- هیمداد سه‌باح بیلال له‌ شوێنی ئایدن مه‌عروف سه‌لیم.

 

 

4- باپیر كامه‌لا سه‌لمان كامه‌لا له‌ شوێنی عه‌بدوڵڵا مه‌حمود محه‌مه‌د.

 

 

بڕگه‌ی دووه‌می كارنامه‌ی دانیشتنی سبه‌ی په‌رله‌مانیش تایبه‌ته‌ به‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

 

 

بڕگەی سێیەمش بریتییه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازی بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان.

 

 

بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتی دەبێت، بەڵام له‌ ده‌ستپێكی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ڤاڵا فه‌رید لە پشکی پارتی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستبه‌كاربو، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێتی ئامادەنەبو ئەوکات ئەو پۆستە پڕبکاتەوە و داوای رێککەوتنامەی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و دانانی پارێزگاری کەرکوکی دەکرت لە پارتی.