پێویستە عەقڵیەتی حکومڕانی پێشکەوتوو جێی ئەقڵیەتی حیزبی بگرێتەوە

بچووکردنەوە گەورەکردن

“پێویستە حکومەت سەقامگیری ئابوری بەدی بێهنێت”

 

 

‎ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕایگەیاند،پێویستە کابینەی نۆی حکومەت لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی هاوڵاتیان و قەیرانەکانی کوردستان، ئەولەوییەتی خۆی دیاریی بکات.

 

 

 

‎کاروان حەمەساڵح ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە دیجیتاڵ میدیایی هاوپەیمانی ڕاگەیاند” لە ماوەی ڕابردوودا هاوڵاتیان و هەرێمی کوردستان، بە دۆخێکی قەیراناوی سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتیدا تێپەڕین، و ئێستا زۆرێک لە هاوڵاتیان چاویان لەوەیە کە کابینەی نۆ بتوانێت لە خەم و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە”.

 

 

 

‎ئەندامەکەی ئەنجومەنی سیاسی ڕاشیگەیاند” بە بڕوای ئێمە کابینەی نۆ ئەرکی قورسی لەسەرە، بە جۆرێک کە بتوانێت حکومەت بکاتە حکومەتی هاوڵاتیان، وە دەستێوەردانی حیزبی لە ئەجومەنی وەزیران و کارو بەرنامە و پلانی دووربخاتەوە، چونکە بە داخەوە زۆرجار عەقلیەتی حیزبی، جێی عەقلیەتی حکومڕانی گڕتۆتەوە، کە دەبێت ئەمە چارەسەرێکی واقیعی و نیشتیمانیانەی بۆ بدۆزرێتەوە”.

 

 

 

‎کاروان حەمەساڵح ئەوەشی ڕاگەیاند” سەبارەت بە ململانێ سیاسیەکان، زۆرجار دۆخەکە بەئاراستەیەک چووە کە هاوڵاتیان تێیدا زەرەرمەند بوون، هەروەک لە دانوستانەکانی پێکهێانی کابینەی نۆدا بەدیار کەوت، هەر بۆیە گرنگە چیدی هاوڵاتیان و ژیانیان،نەکرێتە قوربانیی خواستە حیزبیەکان، جارێکیتر لە ململانێ سیاسیەکاندا دۆخی خەڵک نادیدە نەگیرێت، تا ململانێ سیاسیەکان بە ئاراستەیەک نەچێت خەڵک بێ ئومێد بکات، و ململانێ سیاسیەکان لە ئاستی نیشتمانیدا بێت و لە سەر بنەمای کاری باشتر و منافەسەی خزمەتکردن بە خەڵک بێت”.

 

 

 

‎بەرپرسەکەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو” سەقامگیری سیاسی و سەقامگیری ئابوری وابەستەی یەکترن و لە پال خزمەتکردن کردن بەو دوو بوارە، ئەتوانرێت دۆخی دارای هاوڵاتیان وسێکتەرە ئابورییەکانی کوردستان بەرەو باشتربچێت، کە ئەمەش تەحەدایەکی تری بەردەم کابینەی نوێی حکومەتە”.

 

 

 

‎کاروان حەمەساڵح سەبارەت بە سیستەمی ئابوری لە هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند، پیویستە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە بڕوانێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، بۆ چارەسەر کردنی قەیرانە ئابوری و داراییەکانی و پاشان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، تابتوانرێت لە ئارامیەکی ئابوری و دارایدا دەست ببرێت بۆ قەیرانەکانی تر، کە بەو جۆرە ئەنجامەکانی کاریگەر و سودبەخش دەبن”.

 

 

 

‎کاروان حەمەساڵح، هیوای خواست حکومەت لە سەر بنەمایی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان ئەولەوییەتی خۆی دابنێت ڕاپرسی ئەنجامبدات لەسەر پێداویستی و داواکارییەکانی هاونیشتمانیان.

 

 

 

‎لەکۆتایی قسەکانی ئاماژەی بەوەشکرد” ئەرکەکان قورسن بەڵام ئەگەر ئیرادە و ویستێکی زۆر و هاوکاری هەمەلایەنە هەبێت پێموایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پلانی ستراتیژی تۆکمە و نیشتیمانیی قەیرانەکان تێپەڕێنێت”.